بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَـنِ الرَّحِيم
يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلَا يُرِيدُ بِكُم الْعُسْرَ وَلِتُكْمِلُوا الْعِدَّةَ وَلِتُكَبِّرُوا اللَّهَ عَلَىٰ مَا هَدَاكُمْ وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ (185/البقرة)
دونیای ئیسلام و کۆمەڵگاکانی خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخێکدا بەرەو پێشوازی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان دەچن کە کێشە و مەترسی  بەرەوڕوویان، خۆشی و شادومانی ئەو جەژنە پیرۆزەیانی ئاویتەی خەم و پەژارە و دڵەڕاوکێ کردووە. مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لەگەڵ نزا و پاڕانەوە و لاڵانەوەی ڕۆژووەوانان بۆ باشتربوونی دۆخی موسوڵمانان و بەتایبەت خەڵکی خەباتکاری فەلەستین و غەززەی ستەملێکراو تێپەڕی و ئێستاش تەنیا هیوایان بە گەورەیی و سۆزی پەروەرێنەری خاوەن دەسەڵاتی جیهانی هەستییە تاکوو بە گەڕاندنەوەی ژیانێکی سەقامگیر و ڕوولەگەشە بۆ ڕۆڵەکانی ئەو گەلە و لەخەوهەستانی ویژدانی دەستەڵاتدارانی موسوڵمان، بەستێنی گەشە و پێشکەوتن و ئارامی و ئاسوودەیی بۆ خەڵک تەیار بکرێت.
جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان، کاتی شوکرانەبژێرییە بەهۆی ئەنجامی بەندایەتیی وشیارانە و دڵپاکانە و کاتی یادکردن و دەسگیرۆیی لە هەژاران و نەداران و بێبەشانی خاوەن پێداویستی و هەوڵ بۆ چارەسەری کێشەی کۆمەڵگایە بەپێی توانایی. هەروەها دەرفەتێکە کە بە دڵەکانی قوتاربوو لە بەندی نەفس، پێداچوونەوەیەک بۆ یەکەمینەکان بکەینەوە و بەتایبەت بەهۆی هاوکاتبوونی بەهاری دڵەکان لەگەڵ بەهاری گوڵەکان و نوێ‌بوونەوەی سروشت، بۆ ساڵێکی باشتر لە ساڵانی ڕابردوو و لێوانلێو لە سەرکەوتن، ئاسوودەیی و ئارامی بۆ تەواوی هاوڵاتیانی ڕێزدار هەوڵ بدەین و نزا بکەین.
من وێڕای ئاواتەخوازیی قبووڵبوونی تاعات و عیباداتتان، هاتنی ئەو جەژنە پیرۆزە بە تەواوی هاوڵاتیان و بەتایبەت ئەندامانی هێژای جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح پیرۆزبایی دەڵێم، داوا لە خوای بێ‌هاوتا دەکەم کە عاقیبەت‌مان خێر بکات و لێهاتوویی و توانایی ڕۆڵگێڕانی ئەرێنی و کاریگەرمان بۆ کەمکردنەوەی دەرد و ئازاری دەردەداران پێ ببەخشێت.
عەبدوڕڕەحمان پیرانی 
ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح